شینەکە بۆ پارێزگارە یان بۆ گەنمی سووتاو؟ پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
دووشەممە, 20 ئایار 2019 08:06

 

هێمن عه‌بدوڵڵا


ئەوەی لە رۆژانی رابردوودا لە کەرکووک و خانەقین و مەخموور بەسەر جووتیارانی کورد هێنرا، بەدڵی یەکێتییە. ئامانجەکەش ئەوەیە گوشار لەسەر پارتی دروست بکەن بۆئەوەی پەلە بکات لە رازیبوون بە بەربژێرێکی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک. کە دەڵێم بەدڵی یەکێتییە، مەبەستم ئەوە نییە کە یەکێتی خۆی گەنمی ئەو خەڵکە بێکەس و بێدەرەتانە کوردەی ئەو ناوچانە دەسووتێنێ، بەڵکو ئەوەیە کە هەر کەسێک دەیسووتێنێ بەدڵ و رەنگە بە چاونووقاندنی یەکێتییەکان لەو ناوچەیە ئەو کارە بکات.

بەڵگەش ئەوەیە کە پارێزگارە سەپێنراوەکەی کەرکووک لە نوێترین لێدوانیدا دەڵێت لەگەڵ یەکێتی هاوبەشییەکی سەرکەوتووانەی هەیە!! بەڵام لەگەڵ پارتیدا نییەتی. جا لە کەس شاراوە نییە کە لەو رۆژەوەی راکان جبووری بووەتە پارێزگار، هەڵمەتێکی نوێی تەعریبکردنی بێویژدانانەی نوێ بەرامبەر کورد لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەودا بەڕێوەدەچێ. بەڵگەیەکی ئەو پەیوەندییە باش و سەرکەوتووانەیەی جبووری لەگەڵ یەکێتی هەیەتی و شانازیی پێوەدەکات، ئەو بەڵگەنامەیەیە کە گوایە بەناوی پێکهاتەکانی کەرکووکەوە واژۆ کراوە و تێیدا داوا دەکرێت پارێزگاری سەپێنراو تاوەکو کاتی هەڵبژاردن بمێنێتەوە، هیچ نەبێت وەک جێگری پارێزگار. هەڵبەت یەکێتی باش دەزانێت کە ئەگەر لەگەڵ پارتی پێکهات، ئەو بەڵگەنامەیە هیچ نرخێکی نامێنێ، بەڵام بۆ هاندانی پارتی بۆ پەلەکردن لە یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگار و بۆ رازیکردنی راکان جبووریش ئەو پێشهاتە شتێکی باشە هەبێت.

ئەگەر راستیتان دەوێت دەبێ پەلە بکرێت لە دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک، بۆئەوەی چیدیکە خەڵکی ئەو ناوچانە هەست بەو بێکەسییە نەکەن و دۆخەکەش بەرەو ئاڵۆزبوون نەچێت. ئێمە دەزانین کێشەی زەویوزار و کۆمەڵایەتی لەنێو کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەشدا بابەتی هەستیارن و ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێن رەنگە سەربکێشن بۆ شەڕی نێوان ئەو پێکهاتانە، بەڵام ئەوەی کە بتەوێت لەسەر حیسابی دەغڵودان و قووتی مەمرە و مەژیی جووتیارێکی گەرمیانی گوشار دروستبکەی بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو کەیسە و وەرگرتنی پۆستی پارێزگار، ئەمە شوورەییە.

لەکاتی شەڕی داعشدا بۆ کاری رۆژنامەڤانی بە زۆر لەو ناوچانەدا گەڕاوم کە ئێستا ئەو کێشانەیان تێدایە. میوانی دانیشتووانی گوندی مێخاس بووم لە نزیک خانەقین، کە لە رۆژانی رابردوودا دەغڵودانەکانیان ئاگری تێبەردرا. دەزانم دۆخی بژێویی ئەو خەڵکە چەندە خراپە و دەشزانم چۆن کاتێک زانییان داعش بووەتە هەڕەشە و کەس فریایان ناکەوێت، هەر خەڵکی گوندەکە چەکیان هەڵگرت و شەڕیان لەدژی داعش کرد و خۆیان پاراست. بۆیە بەدووری مەزانن دیسان گوندییەکانی گەرمیان بەرامبەر ئەوانەی دەچنە سەر ماڵ و حاڵیان ئەم کارە بکەن و ئەنجامەکەشی خراپ بێت و شەڕێکی ماڵوێرانکەر لەو ناوچانەدا هەڵبگیرسێت.

مەترسییەکی دیکەی سەر ئەو ناوچانە، بەهێزبوونەوەی ئەو هێزانەیە کە خۆیان وەکو داعش دەناسێنن. ئەمە زۆر گرنگتر و پێویستترە کە زووتر لە مەسەلەی پارێزگاری کەرکووکیش یەکلایی بکرێتەوە. شەڕی ئەو هێزانە لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا تەنیا بە هاوبەشی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکرێت. هەر ئەو کارە هاوبەشەش دەتوانێت رێگە لە ئاڵۆزیی دیکەی نێوان پێکهاتەکان و بەردەوامبوونی سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانی کورد بگرێت. بۆیە ئەگەر یەکێتی بەڕاستی خەمی خەڵکی ئەو ناوچانەیەتی و شینەکەی بۆ هەریسەکە نییە، دەبووایە لە سەرۆککۆمارەکەیەوە تا دەگاتە پەرلەمانتارە کەرکووکیەکانی، لە بەغدا گوشاری ئەوەیان دروستکردبایە کە جارێکی دیکە پێشمەرگە بەشداربێتەوە لە دۆسیەی ئەمنیی ئەو ناوچانە. پاراستنی دەستوور و یەکپارچەیی خاکی ئەو عێراقەش کە ئەوانە لە ماوەی رابردوودا زۆریان لەسەر گوت، هەر بەوە دەکرێت کە رێگری بکەن لە هەڵایساندنی ئەو جۆرە شەڕانەی دەبنە هۆی ناکۆکی لەنێوان پێکهاتەکانی عێراق.