هێڵی سووری پارتی پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
دووشەممە, 17 کانونی یەکەم 2018 14:14

 

هێمن عەبدوڵڵا

کۆبوونەوەکانی رۆژانی رابردووی پارتی و یەکێتی و پارتی و گۆڕان بۆ پێکهێنانی سێ سەرۆکایەتییەکە کۆبوونەوەی تەشریفاتی و موجامەلە نەبوون و بە کورت و کرمانجی زۆر شت بە یەکدی گوتراوە. هەڵبەت لە میدیاکاندا پێچەوانەی ئەمە بڵاوکرایەوە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە قۆناغی خوێندنەوەی ئەجێندای یەکدی و دروستبوونی لێکتێگەیشتنی سەرەتایی تەواو بووە و لەسەر بنەمای ئەمە دانوستاندنەکان دەچنە قۆناغێکی نوێوە. هەرچەندەش وادیاربوو کە حکومەتی عێراق زووتر پێکهاتەکەی تەواودەبێت، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی هەن، چانسی پێکهێنانی کابینەی نوێی کوردستان کەوتووەتە پێش ئەوەی بەغدا. هۆیەکەشی روونە: ئەو دەستەی ئێران لە بەغدا و هاوشێوەی ئەویش لە بەیرووت هەیەتی لە پێکهێنان و بلۆککردنی پێکهێنانی حکومەتەکاندا و سەپاندنی کاندیدەکانی بۆ پۆستە وەزارییە هەستیارەکان، لە هەولێر پاش سەرکەوتنەکەی پارتی لە هەڵبژاردنی کوردستاندا، ئەو دەستەی نەماوە و پێی بلۆک ناکرێت.

ئەو شاندەی یەکێتی کە هاتبوونە لای پارتی سێ شاندی سێ باڵی نێو یەکێتی بوون کە پێنەچووە قسەیەکی هاوبەشیان پێبووبێت. بۆیەش هەندێکیان لەسەر مێزی دانوستاندن سڵاویان لە یەکدی دەکرد و کامێراکانیش ئەو دیمەنەیان چرکاندووە. وەک کەسێکی ئاگاداری یەکێتیش بۆی باسکردم، ئەندامانی شاندەکە بە ناڕاستەوخۆ بە شاندی پارتییان گوتووە کە بەحوکمی ئەوەی یەکێتی جوگرافیایەکی بەدەستەوەیە، باشترە لەسەر بنەمای ئەوە حوکمڕانیی کوردستان وەک جاران بە فیفتی فیفتی بەڕێوەببردرێت. بەڵام شاندی پارتی پێداگیرییان کردووە کە هەرچەندە رۆڵی یەکێتی بە گرنگ دەزانن، بەڵام لەگەڵی ناگەڕێنەوە بۆ فیفتی بە فیفتی و گوتوویانە دەبێ لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردن یەکێتی بەشداربێت لە حوکمڕانیدا. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەوەی کردووە کە مادام وایە دەکرێ یەکێتی ببێتە ئۆپۆزیسیۆن. بەپێی زانیارییەکان وەڵامی پارتی بۆ ئەو گریمانەیە ئەوە نەبووە کە ناکرێ یەکێتی ببێتە ئۆپۆزیسیۆن و یەکێتیی سەرپشک کردووە.

بەپێچەوانەی کۆبوونەوەکەی یەکێتی لەگەڵ پارتی، ئەو شاندەی گۆڕان کە هاتوونەتە لای پارتی یەک قسە بوون و هەڵوێست و پلانی بەشدارییان روون بووە. لە سەرچاوەیەکی پارتییەوە ئەوەم بیست کە هەرچەندە یەکێتی زۆر لەدژی بەشداریی گۆڕانە، بەڵام پارتی بە گۆڕانی گوتووە کە مەیلی پارتی بۆ بەشداریی گۆڕان لە دەسەڵاتی ئەم خولەدا لە دژی یەکێتی و بۆ بچووککردنەوەی یەکێتی نییە، بەڵکو لەبەر ئەو رۆڵە کاریگەرەیە کە گۆڕان دەتوانێ بۆ بەهێزکردنی حوکمڕانی بیگێڕێت. نموونەش بە دۆسێی نەوت هێنراوەتەوە کە تا ئەوکاتەی هەندێک گەنجی کەمئەزموونی وەک یوسف محەممەد ریسی نەوشیروان مستەفایان بۆ بەشدارییەکی چوار ساڵەی ئارام لە حوکمڕانیدا نەکردبووەوە خوری، لەژێر کاریگەریی ئەوکاتی گۆڕاندا شەفافیەتی زۆرتر لە دۆسیەی نەوتدا بە هێنانی کۆمپانیای وردبینیی جیهانیی وەک دیلۆیت دروستبوو.

دوای ئەو کۆبوونەوانە وێنەکە بەشێوەیەکی دیکە گۆڕاوە. بۆنموونە هەفتەی رابردوو باسی ئەوە دەکرا کە ئەگەر یەکێتی پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت وەربگرێت، کەسێکی ئەمنی بۆ ئەو پۆستە دادەنێت، بەڵام ئێستا لەنێو یەکێتیش و تەنانەت نێو پارتیش دیسان ناوی قوبادی کوڕی مام جەلال دێتەوە بۆ ئەو پۆستە. بە بڕوای منیش گۆڕینی هاوکاتی سەرکوەزیران و جێگرەکەی لە حکومەتێکدا کە زۆر پرۆژەی بەردەوامی کابینەی پێش خۆی دەبێت تەواوبکات، باش نییە و قوباد دەتوانێ یاریدەدەرێکی باشی مەسروور بارزانی بێت. بەتایبەتیش کە هەردووکیان ماوەی درێژ لە واشنتن بوون و کولتووری کارکردنی رۆژئاواییان دەناسن، زوو دەتوانن زمانی هاوبەش بۆ پێکەوە کارکردن بدۆزنەوە.

ئەگەر ئەمە رووبدات، پێدەچێ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان یەکلایی ببێتەوە. ئەمەش پۆستێکی گرنگ و بەدەسەڵات دەبێ، چونکە دەبێتە جێگری نێچیرڤان بارزانی، کە بە دەسەڵاتە فراوانەکانی نێو یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە لە چوار ساڵی داهاتوودا سەرۆکایەتیی وڵات دەکات. یەکێک لە سەرەکیترین تەحەداکانی سەرۆک و جێگرەکەشی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت کە وەک دەزانین جگە لەوەی مەتڵەبێکی سەرەکیی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانە، لە ساڵانی رابردوودا مەتڵەبی بزووتنەوەی گۆڕان و کاک نەوشیروانیش بووە.

ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی کە یەکگرتوو دەبێتە ئۆپۆزیسیۆن و نەوەی شاسواریس ناکرێ بەشداریی پێبکرێت، چونکە پۆپولیستە و بە بەشدارکردنی حکومەت لەرزۆک دەکات. ئەوەی دەمێنێتەوە کۆمەڵی ئیسلامییە کە پێدەچێ پارتی هێڵی سووری لەسەر دانابێت. ئەمەش بە بڕوای من هەڵەیە، چونکە ئەگەر بە دەستکەوتی هەڵبژاردن بێت، ناکرێ کۆمەڵ نادیدە بگیرێت، ئەگەر بە کەتن و دژایەتیی پارتیش بێت، کۆمەڵ زۆرتر لە یەکێتی و گۆڕانی نەکردووە تا هێڵی سووری لەسەر دابنرێت. راستییەکەشی گۆشەگیرکردنی کۆمەڵ دەتوانێ قاعیدەکەی نەک قیادەکەی بکاتە نێچیرێکی ئاسان بۆ جووڵانەوەی ئیسلامیی تووندئاژۆیانە کە بەپێچەوانەی کۆمەڵەوە بڕوای بە جووڵانەوەی چەکداری هەبێ. بۆیە بە هەموو بارێکدا باشترە پارتی لەگەڵ کۆمەڵیش دانوستاندن بکات و نەیخاتە دەرەوەی بازنە.