بارزانی وەك بارزانی دەكات؟ پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
هەینی, 30 تشرینی دووەم 2018 16:47

 

زریان رۆژهەڵاتی*

 

سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدا گەلێك مشتومڕی لە ناوخۆ لێكەوتەوە. ناكۆكییەكان هەرچییەك بن، ئەو سەردانە دەتوانێت پێگەی بارزانی بەهێزتر بكاتەوە. پرسیار ئەوەیە كە ئەم هێزدارییە تازەیەی بارزانی چ كاریگەرییەك لەسەر سیاسەتی ناوخۆ بە تایبەت دانوستاندنەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ دادەنێت؟

 

لە سەرەتای حەفتاكاندا، "بارزانیی نەمر" لەڕێی ریككەوتنێكەوە لەگەڵ بەغدا پێگەیەكی بەهێزتری پەیداكرد. ئەمەیشی نەكردە ئامرازێك بۆ ئەوەی ركابەرە ناوخۆییەكانی تەفروتوونا بكات.

بەپێچەوانەوە دەرگای رێككەوتنێكی كوردی- كوردیشی كردەوە و بە وتەی د. مەحموود عوسمان، "بە هەردوو دەست دەنگی بۆ گەڕانەوەی مام جەلال و هاوڕێكانی دا". بیرهینانەوەی ئەو رووداوە مێژووییەش بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان گەلێك واتادارە.

بارزانی لە كاتێكدا سەردانی بەغدای كرد كە لە دوای گشتپرسییەوە تا ئێستا لە بەهێزترین پێگەیەكدایە توانیویەتی بەدەستی بێنێتەوە. چونكە:

بەپلەی یەكەم لەبەر ململانێی دوو كوتلەی گەورەی شیعی، هێشتا حكوومەتی عێراق نوقسانە و  عادل عەبدولمەهدیش "نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی لە گیرفاندایە." حیزبەكەی بارزانی كە بەپێی ئەنجامی دوو هەڵبژاردنی دوای یەك لە بەغدا و لە هەولێر كورسییەكی زۆری بردووەتەوە، دەتوانێت هاوسەنگییەكان بە قازانجی یەكێك لەو كوتلانە بشكێنێتەوە. بۆیە هەموویان خوازیاری پەیوەندین لەگەڵیدا.

سەردانەكە لە وەختێكدا كرا كە نزیكەی دوو هەفتە دوای دەستپێكردنی بەشی دووەمی گەمارۆكانی ئەمریكا لەسەر ئێران، پرۆژەی ناردنی نەوتی كەركووك بە تەنكەر بۆ ئێران فەشەلی هێنا و بەغدا، جارێكی دیكە لەڕێی بۆری نەوتی كوردستانەوە  دەستی بەناردنی نەوتی كەركووك بۆ توركیا كردەوە. ئەمەش دەتوانێت سەنگی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە گرفتەكانی دابەشكردنی داهاتی نەوت لە عێراق- بودجە و تەنانەت بابەتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش زیاتر بكات.

لەم وەختانەدا ئەگەرەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش، جارێكی دیكە بایەخی هێزی پێشمەرگەی كوردستان زیاتر دەكەن، ئەمەش لە گوتاری هەندێك لە سەركردەكانی عێراقدا بەتایبەتی هادی عامری رەنگیدایەوە كە جەختی لە پێویستی رۆڵگێڕانی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە كرد.

سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدا و پێشوازی سەركردە عێراقییەكان، جارێكیتر ئەو گریمانەیەیان بەهێزكردەوە كە بارزانی لە قۆناغی داهاتوودا رۆڵ و پێگەكەی زیاتر دەبێت، تەنانەت ئەگەر پۆستێكی رەسمیشی نەبێت.

لەبارەی سەردانەكەوە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە كە بارزانی بۆچی چووە بەغدا؟ بێشك پشتیوانیكردن لە حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، تەنها یەكێك لە وەڵامەكانی ئەم پرسیارەیە و دەكرێ لە سیاسەتی ناوخۆی هەرێمدا بەدوای وەڵامەكانی دیكەیدا بگەڕێین.

سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدا دەتوانێت كاریگەری لەسەر دانوستاندنەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ و ئەدای حكوومەتی داهاتووی هەرێم دابنێت كە دەشێ بە كابینەی پارتی+هێزەكانی دیكە ناوببرێت.

لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێدا گرفتیك سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردنی هێزە براوەكان لەگەڵ یەكتری هەیە.  ئەوەش ئەوەیە كە ناكۆكی هەیە سەبارەت بەوەی ئایا بەپێی ژمارەی كورسییەكان یان بەپێی واقیعی بوونی هێزی چەكدار و دەسەڵات لە سنوورە جیاجیاكان تەعامول بكرێت؟  تا بەر لە سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدا، تەعامول بەپێی ژمارەی كورسییەكان دەیتوانی مەترسیی دوو ئیدارەییەكی نوێ لە هەرێمی كوردستان زیندوو بکاتەوە. بەڵام دوای سەفەری بارزانی، پارتی لەگەڵ ئەوەی كە ناتوانێت تایبەتمەندییەكانی یەكێتی رەچاو نەكات، رەنگە دەستی ئاوەڵاتربێت بۆ ئەوەی كە بۆچوونەكانی خۆی سەبارەت بە كابینەی نوێ سەربخات. پەیوەندی باشی بارزانی و حیزبەكەی لەگەڵ بەغدا دەتوانێت لە كاریگەرییەكانی پەیوەندیی یەكێتی- بەغدا لەسەر سیاسەتی ناوخۆی هەرێم كەمبكاتەوە.

خاڵێكی دیكەش ئەوەیە كە رەنگە كابینەی تازەی حكوومەت زیاتر وەك كابینەی پارتی+هێزەكانی دیكە بێت. ئەمە واتای ئەوە دەدات كە شكست یان سەركەوتنی كابینەی داهاتوو لە ملی پارتیدایە. بۆ سەركەوتنی  كابینەی حكوومەتیش بەردەوامیی هاتنی بودجە و كەمبوونەوەی تەنگژەكان لەگەڵ بەغدا بایەخێكی زۆری بۆ پارتی هەیە. "هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ" لەگەڵ بەغدا، دەتوانێت پێگەی هەرێمی كوردستان بەهێزتر بكات و بەمەش لە قەبارەی كێشە و گرفتە ناوخۆییە ئابووری و سیاسییەكان كەمبكاتەوە. رەنگە بارزانیش لە بەغدا بەدوای ئەمەوە بووبێت.

بەگشتی دەتوانین بێژین سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدا دەتوانێت رێگایەك بۆ هەستانەوەی كوردستان بێت كە دوای گەلەكۆمەیەكی ناوچەیی لە پاش گشتپرسی، تووشی گرفتێكی زۆر ببوو.

كوردستان خەریكە جارێكە دیكە بەهێز دەبێتەوە و پێویستییەكانی بەغداش بە هەولێر زیادیان كردووە. بەغدا دەتوانێت نیوەی رێگای بەهێزبوونەوەی كوردستان بێت كە دروشمی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو لە هەڵبژاردنی  پەرلەمانی كوردستاندا، بەڵام كوردستان

خۆی سەرەتای رێگاكەیە.

دوای ئەو هەوڵەی كە لە ئاستی عێراق بۆ ریككەوتنێكی تازە دای، لە جێی خۆیدایە كە بارزانی دەستپێشخەری رێككەوتنێكی ناوخۆیی كوردیش بێت وەك ئەوەی بارزانی نەمر لە سەرەتای حەفتاكاندا كردی.

 

*زریان رۆژهەڵاتی، توێژەر لە ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو