• ئەمەریكا پێنج بەرپرسی باڵای عێراق دەخاتە لیستی تیرۆرەوە

  • سێ په‌رله‌مانتاری نه‌وه‌ی نوێ لە حزبەكەیان جیابوونەوە

  • بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر وەڵامی مەحمود سەنگاوی دەداتەوە

  • فراکسیۆنی پارتی: دۆخی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت

  • یەكێتی داواكاری تۆراوەكان پشتگوێ دەخات

ئەمەریكا پێنج بەرپرسی باڵای عێراق دەخاتە لیستی تیرۆرەوە


بەرپرسانی ئەمریكا لە عێراق خۆیان هەواڵەكەیان دزەپێكردووە، لەڕێگەی دزەپێكردنی ئەم هەواڵەوە دەیانەوێت هۆشداری بەو كەسانە بدەن كە ناویان هێنراوە، واشنتۆن لەڕێگەی یاسای ماگنتسكی-یەوە دەیەوێت لایەنگرانی ئێران لە عێراق راوبكات.

ئەو كەسانەی كە ناویان هاتووە‌و هۆشدارییان پێدەدرێت لەبارەی ئەوەی ناویان دەخرێتە لیستی سزاكانی ئەمریكاوە بریتین لە هەریەكە لە:
•    هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح‌ و یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی ئێران لە عێراق.
•   نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا
•   حاكم زاملی سەركردەی میلیشیای سوپای مەهدی
•    فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی
•   شبل زەیدی ئەمینداری كەتیبەكانی ئیمام عەلی
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دوای ئەوەدێت ژمارەیەك لە سەركردە سەربازییەكانی حەشدی شەعبی هەڕەشەی هێرشكردنیان كرد بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە تۆڵەی كوژرانی ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە هێرشێكی ئەمریكادا لەگەڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران.

 

زیاتر بخوێنەوە

سێ په‌رله‌مانتاری نه‌وه‌ی نوێ لە حزبەكەیان جیابوونەوە


هه‌رسێ په‌رله‌مانتاری نه‌وه‌ی نوێ (دیاری ئه‌نوه‌ر، سیروان بابان، مه‌م بورهان قانع) راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ و تێیدا وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی خانه‌نشینی په‌رله‌مانی، رایانگه‌یاندوه‌، به‌ فه‌رمی جیابونه‌وه‌ی خۆیان له‌ فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ راده‌گه‌یه‌نن و وه‌كو په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆ له‌ په‌رله‌مانی كوردستاندا ده‌مێننه‌وه‌.

ئه‌مه‌ش ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یانه‌:

راگه‌یاندراوێك بۆ خه‌ڵكی كوردستان

وه‌كو ئه‌وه‌ی پێشتر به‌ڵێنمان به‌ ده‌نگده‌رانمان دابوو، به‌ هه‌مو شێوه‌یه‌ك موچه‌ی خانه‌نشینیی په‌رله‌مانیی ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ په‌رله‌مانتاران بڕاوه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێویست بێت ئاماده‌ین ده‌سته‌به‌رداری موچه‌ی پارله‌مانیی-ش ببین.

چه‌ند مانگێكیشه‌ به‌هۆی به‌لارێدابردنی فراكسیۆن و جوڵانه‌وه‌ی "نه‌وه‌ی نوێ‌"وه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه‌وه‌، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كمان به‌ فراكسیۆن و جوڵانه‌وه‌كه‌وه‌ نه‌ماوه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌ ئێستایشه‌وه‌ به‌ فه‌رمیی جیابونه‌وه‌ی خۆمان راده‌گه‌یه‌نین و وه‌كو په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌مێنینه‌وه‌.

ئێمه‌ خه‌ڵكانێكین، پاره‌ی خه‌ڵكمان نه‌خواردوه‌ و پاره‌ی حكومه‌تیشمان لانییه‌ (به‌ڵكو پاره‌یشمان لای حكومه‌ته‌) و "موزایه‌ده‌"یش به‌سه‌ر ده‌نگده‌ران و هاوپیشه‌ و خه‌ڵكانی غه‌درالێكراوی كوردستان-ه‌وه‌ ناكه‌ین و به‌ڵێنیش ده‌ده‌ین  هه‌میشه‌ له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگریكردن دا ده‌بین له‌ ماف و داخوازیی ره‌وای ده‌نگده‌ران و خه‌ڵكی جوامێری كوردستان.

په‌رله‌مانتاران:

- دیاری ئه‌نوه‌ر.

- سیروان بابان.

- مه‌م بورهان قانع.

 

زیاتر بخوێنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر وەڵامی مەحمود سەنگاوی دەداتەوە


بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە توندی وەڵامی ئەندامێکی ئەنجوومەنی گشتیی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دایەوە و رای گەیاند کە ”ناماقووڵیی زۆری دەرهەق بە دڵسۆزان و ڕۆڵەکانی ئەم گەلە و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە“.

لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژە بەوە دراوە: ”چەند رۆژێک بەر لە ئێستا، مەحموود سەنگاوی بە شێوەیەکی ناڕەوا و بە ئاستێکی نزمی وەک خۆی پەلاماری هێزەکانی ئاسایشی دا و ناماقوڵی زۆری دەرهەق بە دڵسۆزان و رۆڵەکانی ئەم گەلە و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە“.

باسیش لەوە کراوە کە قسەکانی سەنگاوی، پەیوەندیدارە بە دۆسیەی تۆمەتبارێک کە لەسەر مامەڵەکردن بە شەست کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستگیر کرابوو و لە بەندیخانە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.

ئاسایشی هەولێر رای گەیاندووە کە ئەوان تێگەیشتنیان بۆ سۆزی کەسوکار و لایەنگرانی ئەو کەسە هەیە کە تێوەگلاوە بە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و دەرگایان بۆ هەر جۆرە لێکۆڵینەوەیەک کراوەیە کە گومانەکان بڕەوێنێتەوە و لێکۆڵینەوەکانیش لەمبارەیەوە لەگەڵ لایەنە فەرمییە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن.

هەروەها جەخت کراوەتەوە: ”ئاشکراکردنی ئەم گرووپە تاوانبارە دەستکەوتی گەورەیە بۆ پرۆسەی گەڕان و ئاشکراکردنی ئەو گرووپە مافیاییەی دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بکەنە ناوەندی بازرگانیکردن و ئاڵودەکردنی هاووڵاتیان بە ماددەی نەگریسی هۆشبەر“.

ئاماژەش بەوە دراوە: ”دەزانین قاچاخچێتی لە ناو پەشێویدا چالاک دەبێت، بۆیە جێگەی سەرسوڕمان نییە کە قاچاخچییەکی ناسراوی مەرزەکانی ناوچەی گەرمیان، کە تێوەگڵاوی بازرگانی ڕەش و ئەندامی تۆڕی بازرگانیی ناشەرعییە، بەرگری لە تۆڕی مافیا بکات و لەسەریان بێتە دەنگ و وەرەقەکان تێکەڵی پەیوەندیی نێوان حزبەکان بکات“.

ئەوەش دووپات کراوەتەوە کە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێکهاتووە لە ڕۆڵە دڵسۆزەکانی ئەم گەلە و شەونخوونی و ماندووبوونی زۆر دەکێشن و هەزاران شەهید و برینداریان داوە تا هاووڵاتیان لە ئارامی و ئاسایشدا بژین و هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت لە هەر جۆرە هەڕەشە و مەترسییەکی تیرۆریستان و مافیاکانی ماددەی هۆشبەر و هاوکاری و پاڵپشتی و دەستخۆشیی هاونیشتمانییانی دڵسۆز لای دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەنگی مەحەکە ”نەک خۆگڤکرندنەوەی شەریکەکانی تاوان و قاچاخچێتی“.

ئەوەشی راگەیاندووە: ”دەزگاکەمان بەمافی خۆی دەزانێت لە دژی هەر جۆرە تۆمەتێکی ناڕەوا و ناوزڕاندنێک، بەرامبەر دەزگا و هێزەکانمان، رێکاری یاسایی بگرێتەبەر“.

ئەمەش دەقی وەڵامەکەیە:

وەڵامێکی پێویست بۆ (محمود سەنگاوی) لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش- هەولێرەوە

​چەند رۆژێک بەر لە ئێستا، محمود سەنگاوی بە شێوەیەکی ناڕەوا و بە ئاستێکی نزمی وەک خۆی پەلاماری هێزەکانی ئاسایشی دا و ناماقوڵی زۆری دەرهەق بە دڵسۆزان و رۆڵەکانی ئەم گەلە و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە. ئەو وتانەی محمود سەنگاوی پەیوەندیدارە بە دۆسیەی تۆمەتبارێک کە لەسەر مامەلەکردن بە شەست کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستگیر کرابوو و لە بەندیخانە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.

ئێمە تێگەیشتنمان هەیە بۆ هەست و سۆزی کەسوکار و لایەنگرانی ئەو کەسە کە تێوە گڵاوە بە بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر و دەرگامان کراوەتەوە بۆ هەر جۆرە لێکۆلینەوەیەک کە گومانەکان بڕەوێنێتەوە و لێکۆلینەوەکان لەو بارەیەوە لەگەڵ لایەنە فەرمیە پەیوەندیدارەکان بەردەوامە.

ئاشکراکردنی ئەم گروپە تاوانبارە دەستکەوتی گەورەیە بۆ پڕۆسەی گەڕان و ئاشکراکردنی ئەو گروپە مافیاییەی دەیانەویت هەرێمی کوردستان بکەنە ناوەندی بازرگانی کردن و ئالودەکردنی هاوڵاتیان بە ماددەی نەگریسی هۆشبەر. دەزانین قاچاخچێتی لە ناو پەشێویدا چاڵاک دەبێت، بۆیە جێگەی سەرسوڕمان نییە قاچاخچییەکی ناسراوی مەرزەکانی ناوچەی گەرمیان، کە تێوەگڵاوی بازرگانی ڕەش و ئەندامی تۆڕی بازرگانی ناشەرعییە، بەرگری لە تۆری مافیا بکات و لەسەریان بێتە دەنگ و وەرەقەکان تێکەڵی پەیوەندی نێوان حیزبەکان بکات.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە ڕۆڵە دڵسۆزەکانی ئەم گەلە و شەونخوونی و ماندووبوونی زۆر دەکێشن و هەزاران شەهید و بریندارمان داوە تا هاوڵاتیان لە ئارامی و ئاسایشدا بژین و هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت لە هەر جۆرە هەڕەشە و مەترسیەکی تیرۆریستان و مافیاکانی ماددەی هۆشبەر و هاوکاری و پاڵپشتی و دەستخۆشی هاونشتمانیانی دڵسۆز لای ئێمە سەنگی مەحەکە نەک خۆگڤکرندنەوەی شەریکەکانی تاوان و قاچاخچێتی.

دەزگاکەمان بەمافی خۆی دەزانێت لە دژی هەر جۆرە تۆمەتێکی ناڕەوا و ناوزڕاندنێک، بەرامبەر دەزگا و هێزەکانمان، رێکاری یاسایی بگرێتەبەر.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش- هەولێر

2020/1/20

زیاتر بخوێنەوە

فراکسیۆنی پارتی: دۆخی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت


سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، دۆخی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت، بەهۆی دووبارە توندتربوونی گرژییەکانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان.

لە دوو ڕۆژی رابردووەوە، خۆپیشاندانەکانی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ئاڵۆزیی زیاتریان تێکەوتووە و ڕووبەڕووبوونەوەی زیاتریش لە نێوان دەزگا ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران ڕووی داوە.

لەمبارەیەوە د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند: “دۆخه‌که‌ خراپ بووه‌ و مه‌ترسیدارە”.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەم پێشهاتەی لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکانەوە هاتووەتە پێش، کاریگه‌ری له‌سه‌ر دیاریکردنی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق دەبێت.

 

زیاتر بخوێنەوە

یەكێتی داواكاری تۆراوەكان پشتگوێ دەخات


یه‌كێتی‌ دۆسیه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ تۆراون و له‌ كۆنگره‌ ده‌رنه‌چوون پشتگوێ‌ ده‌خات، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێك میدیای‌ سێبه‌ری‌ ئه‌و حزبه‌یشه‌وه‌ هێرشیان ده‌كرێته‌ سه‌ر.

یه‌كێتی‌ ڕۆژی‌ 21ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2019 كۆنگره‌ی‌ چواره‌می‌ ئه‌نجام دا، به‌ڵام له‌و كۆنگره‌یه‌دا كێشه‌كانی‌ ناو ئه‌و حزبه‌ زیاتر ئاڵۆز بوون و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی‌ پێشووی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ و سه‌ركرده‌ی‌ ئه‌و حزبه‌ به‌هۆی‌ ده‌رنه‌چوونیان بۆ ئه‌نجوومه‌نی‌ گشتیی ئێسته‌ تۆراون.

تۆراوه‌كانی‌ ناو یه‌كێتی‌ چه‌ندین جار هه‌وڵ دراوه‌ بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ بۆ ناو حزبه‌كه‌، به‌ڵام وه‌ك خۆیان گوتیان "خۆیان زۆر له‌وه‌ پێ‌ یه‌كێتیتره‌ كه‌ هه‌وڵی‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ تۆراوه‌كان ده‌ده‌ن".

له‌سه‌ر دوا زانیاری‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و تۆراوانه‌، زوبێر عوسمان ئه‌ندامی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ گشتیی یه‌كێتی‌ بۆ "وشه‌" گوتی‌، ئه‌وانه‌ی‌ تۆراون و ده‌ڵێن سته‌م كراوه‌، ده‌بێ له‌ كۆمسیۆن سكاڵا تۆمار بكه‌ن و دواتر وه‌ڵامیان ده‌درێته‌وه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ یه‌كێتی‌ هیچ ئاماژه‌یه‌كی‌ به‌ هه‌وڵی‌ ئه‌و حزبه‌ نه‌كرد بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ تۆراون، به‌ڵام ڕای‌ گه‌یاند، ئه‌وانه‌ تا ئێسته‌ یه‌كێتین و له‌ داهاتوودا ئه‌نجوومه‌نی‌ گشتیی بڕیاریان له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌دات.

عوسمان بانیمارانی‌ و ئازاد گه‌ڵاڵی‌ و سامان گه‌رمیانی‌ و بارزان ئه‌حمه‌د كورده‌ و ژماره‌یه‌كی‌ كه‌سی‌ تر، ئه‌وانه‌ن كه‌ ئێسته‌ له‌ناو یه‌كێتی‌ به‌ تۆراوه‌كان ناویان ده‌هێنرێ‌.

 

زیاتر بخوێنەوە
Previous
داهاتوو