بەپەلە... یەكێتی پلینیۆم دەبەستێت پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
چوار شەممە, 15 کانونی دووەم 2020 13:35


بەرپرسی مەڵبەندی شنگالی یەکێتی بە توندی رەخنەی لە کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەی و هەریەک لە لاهوور جەنگی و باڤڵ تاڵەبانی گرت و رایدەگەیەنێت: کە دەبوایە لێگەڕێن کۆنگرە کاری خۆی بکات. بێهیواییشی لەوە دەربڕی کە بەم سەرکردایەتییەی ئێستا کێشەکانی حزبەکەی چارەسەر بکرێت.

جه‌میل خدر، بەرپرسی مەڵبەندی شنگالی یەکێتی، رایگەیاند، هەردوو مەڵبەندی دهۆک و مووسڵی یەکێتی لە ئەنجامەکانی کۆنگرە نیگەران بوون و یاداشتێکیان لەمبارەیەوە بە سەرووی خۆیان داوە، جگە لەوەی لە کاتی خۆیدا قسەیان لەسەر ئەوە کردووە کە دۆخی یەکێتی لە بادینان ”تایبەتە“.

بە نیگەرانیشەوە ئاشکرای کرد کە ئەوەی لە کۆنگرەی چوارەمدا کرا، ”لە لیست و لیستکاری، دەرئەنجامەکەی ئەوە نەبوو کە دەبوایە هەبێت، بۆ نموونە لە دهۆک پێنج کەس دەرچوون بۆ سەرکردایەتی، هیچیان سەر بە سەنتەری دهۆک و شێخان نین، هەروەها ئەوانەی لە مووسڵ دەرچوون، خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ره‌که‌ نین، واتە ئه‌وانه‌ی ده‌رچوون، ناتوانن ئیداره‌ی دۆخی یه‌کێتی له‌ بادینان بکه‌ن“.

بەرپرسەکەی یەکێتی جەختی کردەوە کە حزبەکەی غەدری لە یەکێتییەکانی سنووری بادینان کردووە و پشتی تێکردوون. گوتیشی: ”زیاتر لە هەزار ئەندام لە کۆنگرە بوون، راستە لاهوور جەنگی و باڤڵ تاڵەبانی دەسەڵاتیان هەیە و ئیمکانیاتیان لەبەردەستدایە، بەڵام دەکرا بە یەک دەنگ کارێکیان بکردایە کە ئەم دۆخە لە کۆنگرە ڕوو نەدات و لێگەڕانایە کۆنگرە کاری خۆی بکردایە“.