مەسرور بارزانی: لەڕێگەی چاكسازییەوە دادپەڕوەریی دەگەڕێنینەوە پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
چوار شەممە, 15 کانونی دووەم 2020 13:29



ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٠/١/١٥ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتيی، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆ بووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەردانی ئەم هەفتەیەی شاندی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان. سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە لە گەڵ شاندی عێراقی جەخت لە گرنگیی پابەندبوون بە رێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی نەوت و بودجە و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان کراوەتەوە.

پاشان سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە پرۆژەیاسای چاکسازی دا و جەختی کردەوە کە حکوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی چاکسازی و دووپاتیشی کردەوە کە ئامانج لە چاکسازی رێکخستنەوەی مووچە و دابەشکردنی داهاتە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە. دڵنیاییشی دا کە مووچە و مافی هیچ کەسێکی شایستە بەتایبەتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی نابڕدرێت. لەمبارەیەوە بڕیار درا روونکردنەوەی پێویست لەبارەی پاراستنی مافی کەسوکاری شەهیدان و زیندانيیان و گیراوانی سیاسی بدرێتە پەرلەمانی کوردستان.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو دەربارەی پڕۆژەی چوارچێوەی هاوبەشیی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت ( Public Private Partnership (PPP) ) کە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. ئەنجوومەنی وەزیران سەڕەڕای پشتیوانیکردنی پڕۆژەکە لە پێناو جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیجی و خزمەتگوزاری بە هاوبەشی کەرتی تایبەت لە چوارچێوەیەکی یاسایی روون و ئاشکرا و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی پلاندانانی راسپارد لێکۆڵینەوەی زیاتر لەمبارەیەوە بکات و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە پێشنیار و تێبینییەکانیان پڕۆژەکە دەوڵەمەندتر بکەن.