پارتی: به‌دیلیمان بۆ یه‌كیتی ده‌بێت پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
پێنج شەممە, 14 ئازار 2019 19:44


پارتی لەسەر وەرنەگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن یەكێتییەوە دێتە دەنگ و پەرلەمانتارێكی ئەو حزبەش دەڵێت: ئەگەر یەكێتی پۆستەكە رەتبكاتەوە، ئێمەش وەكو ئیستیحقاقی خۆمان، یەكلایی دەكەینەوە كە ئاخۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەكو ئێستا دەبێت، یان كەسیكی دیكە دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان.

لەدواین كۆبوونەوەی نێوان مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی، یەكێتی رەتیكردەوە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وەربگرێت.

لەوبارەیەوە، شوان زرار پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لەدوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی هەرێم، سەركردایەتی یەكێتی و وتەبێژەكەیان ئاماژەیان بەوەكرد كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ ئەوانە، پارتیش لەسەر ئەو بنەمایە پۆستەكەی بۆ ئەو حزبە دیاریكردووە.

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، لە ئەگەری پێشكەشنەكردنی كاندید لەلایەن یەكێتییەوە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، ئەوە دەستەی سەرۆكایەتی وەكو ئیستا دەمێنێتەوە، تا ئەوكاتەی كاندیدێك پێشكەش دەكەن، وتی: ئەگەر لەگەڵ یه‌كێتیش گەیشتنە رێككەوتن بەوەی لەبەرامبەر ئەو پۆستەدا، پۆستێكی دیكە وەربگرن، ئەوكات پارتی وەكو ئیستیحقاقی خۆی یەكلایی دەكاتەوە كە ئاخۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەكو ئێستا دەبێت، كە هیچ كێشەیەكی یاسایی نییە، یان كەسیكی دیكە دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان.