پارتی كاتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم یه‌كلاده‌كاته‌وه‌ پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
پێنج شەممە, 14 ئازار 2019 19:37


گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ سەرۆكایەتیی هەرێم كارا دەكرێتەوە و دواتر لەگەڵ لایەنەكان لە نووسینەوەی دەستووری هەرێمدا یاساكە گۆڕانكاری تێدا دەكرێت و دەشڵێ هەوڵ دەدەن كۆبوونەوەی دیكە ئەنجام بدەن تاکوو بەرچاویان ڕوون بێت كە كابینەی نوێ زووتر پێك بێت.

مەحموود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2019.3.14 لە لێدوانێكدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی حزبه‌كه‌ی، ئاشكرای كردووە"ئەوەی لە ئێستادا لە بەردەمیاندایە، كاراكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم و دیاریكردنی سەرۆكی هەرێم و ناوهێنان و تەكلیفكردنی سەرۆكی كابینەی نۆیەمە، تا كابینەكەی پێك بهێنێت".

مەحموود محەمەد راشیگەیاندووە: "سەرۆكایەتیی هەرێم كارا دەكرێتەوە، هاوكات سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت، دواتر ئەو جیاوازییەی لە بۆچوون و دیدگاكانی پارتی و لایەنەكانی دیكە لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەمانە، پێكەوە هەموو لایەك دەیخەنە كاتی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان، لەوێدا دەسەڵات و چۆنیەتیی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم گەنگەشە دەكرێت و دیاری دەكرێت، كە سەرۆك چۆن هەڵدەبژێردرێت و دەسەڵاتەكانی چی دەبن".