حكومەتی داهاتوو قۆناغی ئەنجامدانی چاكسازی دەبێت پ‌د‌ف چاپکردن پۆستی ئەلیکترۆنی
پێنج شەممە, 14 ئازار 2019 19:32


مەسعوود حەیدەر ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی حكوومەتی داهاتووی كوردستان بۆچوونی خۆی ڕادەگەیەنێت و پێی وایە، قۆناغی حكوومەتی داهاتووی كوردستان قۆناغی یەكریزی ناوماڵی كورد دەبێت و كار لەسەر ئەنجامدانی چاكسازی كارگێڕی و دارایی دەكرێت.

مەسعوود حەیدەر ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە واڵی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، "لە چەند ساڵی رابردوو بە تایبەت لە كابینەكانی نێچیرڤان بارزانی بە دوو قۆناغی گرنگ لە مێژووی گەلی كوردستان گوزەرمان كرد قۆناغی ئاوەدانی و سەقامگیری ئاسایش و بوژانەوە و بونیادنانی ژێرخانی ئابووری و سیاسی، و قۆناغی بەرگری و پاراستنی كیانی فیدراڵی هەرێمی كوردستان و شكاندنی هەموو ئابڵۆقە سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسییەكان لەسەر هەرێم".

ئەو دەڵێ،" قۆناغی داهاتووی هەرێم كە مەسروور بارزانی سەرۆكایەتی حكوومەت دەكات تەواوكارو درێژەپێدەری كارەكانی پێشووی حكوومەتی هەرێم دەبێت بە تێڕوانینی نوێ و تەواوكار بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری باشتر بە هاووڵاتییان و بوژانەوەی ئابووری بە سوود وەرگرتن لە چالاكردنەوەی كەرتی تایبەت و بوژانەوەی كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازی".

مەسعوود حەیدەر ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، قۆناغی داهاتوو قۆناغی یەكریزی ناوماڵی كورد دەبێت و كار لەسەر ئەنجامدانی چاكسازی كارگێڕی و دارایی دەكرێت و لە هەر شوێنێك گەندەڵی هەبێت بنبڕ دەكرێت، لەگەڵ ئەمانەشدا پێویستە بە حزبەكانی حكوومەت و ئۆپۆزسیۆنیش دوور لە بەرژەوەندی حزبی پشتیووانی هەوڵەكانی حكوومەتی كابینەی نۆیەم بن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.